دانیشتنێکی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە

لە هەرێمی کوردستان، کێ بڕیاری پەروەردەیی دەدات؟ کێ ڕێسا دەردەکات؟

:ئەو چەمکانەی لەم بلۆگپۆستە بەکارهاتون

١. ڕێسا: من مەبەستم پێی هەمو ئەو بنەما، و یاسا (قانون)، و ڕێبەریی و ڕێبەندانەیە کە دەستەیەکی خاوەن دەسەڵات دەریدەکات بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمێکی پەروەردە.
٢. یەکەی دەسەڵات: مەبەست لێی دەستەیەک، لایەنێک، دەزگاریەک، یا هاوپەیمانیەکە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی هاتنەکایەی ڕێسای پەروەردە. ‘دەسەڵات’ لەم بلۆگپۆستە هاومانای ‘هێز’ نیە.

سەرەتا

بە پانتایی بەرفراوانی ڕێسا و سیاسەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی داڕشتن و دەرکردنی ڕێسا لەوە دوورە کە گوایە تاکە دەسەڵاتێک بەرپرسیاریەتی دەرکردن و سەپاندنی ڕێسای پەروەردەی لە ئەستۆ بێ. دەرکردنی ڕێسا لە پەروەردەی هەرێمی کوردستان پشت دەبەستێ بە دەسەڵاتی هەمەجۆر کە هێزی جیاجیایان هەیە. ئەو دەسەڵاتانەش وەفای گۆڕاویان بۆ لایەنی جیاجیا و دیاریکراو هەیە. بۆیە بواری ڕێسادەرکردن لە پەروەردەی کوردستان ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی نێوان ئەو ھێزە ناوخۆیی و دەرەکیانەن و بۆچونی چەمکە باوەکانی وەکو مەرکەزیەت و دەسەڵاتخوازیی بەرپەرچ دەدەنەوە.

ئەو دەسەڵاتانەی کە ڕێسای پەروەردە ئاڕاستە دەکەن

لە هەرێمی کوردستان چەندان ئەکتەر هەن کە لە داڕشتن و دەرکردنی ڕێسای پەروەردە و  ئاڕاستەکردنی ڕێچکەی پەرەپێدانی پەروەردە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن. ئەگەرچی وەزارەتی پەروەردە وەک یەکەیەکی دەسەڵاتداری سەربەخۆ خۆدەنوێنێ و ڕێبازی سەنتەرگەرا و سەرەوخوار بەکاردەهێنێ بۆ بڕیار و ڕێسا دەرکردن، بەڵام بڕیارەکانی لەلایەن یەکەی تری دەسەڵات و سەرچاوەی دەرەکی دەسەڵات کاریگەرییان کراوەتەسەر و پاڵنراون و دەوڵەمەندکراون. دەکرێ ئەو یەکانە بە گشتی پۆلێن بکرێن بۆ پێنج دەسەڵاتی سەرەکی:

١. وەزیرى پەروەردە: وەزیرى پەروەردە، بە پێى یاساى ژمارە چوارى پەرلەمان بۆ پەروەردە، دەسەڵاتى دەرکردنى یاسا و بڕیار و یاساى پەیوەندیدار بە یاسا و بەڕێوەبەرایەتى و لایەنە تەکنیکییەکانى پەروەردەى هەرێمى کوردستان هەیە.

٢. ئەنجومەنی وەزارەت: پێکدێت لە وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەرایەتی ئەنجومەنی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزارەت بە گشتی کار لەسەر پرۆسەی داڕشتنی ڕێساکان و ڕێنماییەکانی پەروەردە دەکات.

٣. لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان: ئەگەرچی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ڕێسا بۆ پەروەردە داناڕێژێ، لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان چاودێرە بەسەر کایە پەروەردەییەکان و له بارودۆخی پەروەردە و پرۆگرامەکان دەکۆڵێتەوە و ئەنجامەکان دەخاتە بەردەم پەڕلەمان بۆ گۆڕانكاری.

٤. دەزگای ڕێسا و توێژینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان: ئەم دەزگایانە، بەنمونە دەزگای ‘ڕاندی ئەمریکی’ و لە ناوخۆدا ‘پەیمانگای پەی’ بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، جاربەجار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشت دەکرێن بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی کەرتەکان، کە بەشدارن لە داڕشتنی ڕێسادا.

٥. ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان: ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نێو نەتەوەییەکان، لەوانە یەکێتی ئەوروپا، یونسکۆ، بانکی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لەڕێی دابینکردنی کۆمەک بۆ پڕۆژە پەروەردەییەکانی هەرێم و بەشداریکردن لە پەرەسەندنەکانی پەروەردەی هەرێمدا.

بەرکەوتەکانی کەڵەکەبونی ئەو هێزانە بۆ ڕێسای پەروەردە

سروشتی هەمەلایەن و هەمەسەرچاوە-بونی ڕێسای پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێویستی-نەبونی پەیوەندی لە نێوان پارچە جیاجیاکانی بەرجەستە دەکات. کۆمەڵە ئەکتەرێک، کە ڕێژەی دەسەڵات و هێزی جیاوازیان هەیە، ڕۆڵی کاریگەری-نانەوە و پشکنین و پاڵنان دەگێڕن لە داڕشتنی ڕێسای پەروەردە لە هەرێمی کوردستان. ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە بەشێوەیەکی چڕ و ئاڵۆز بەسەریەکەوە کەڵەکەبوین. ئەمەش پێچەوانەی ڕیزبەندییەکی پلەبەندیە بۆ دەرکردنی ڕێسا، کە تێگەیشتنێکی باو و شاشە لە کوردستان. داینەمیکی کەڵەکەبونی ئەو ئەکتەرانە و پەیوەندیە ئاڵۆزەکانیان، ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە وەزارەتی پەروەردە ھەوڵی دەرکردن و بەدیهێنانی ئەجێندایەکی ڕێسای پەروەردە دەدات.

:بۆچون (وازانین)ـی باو

بۆچونی باو ئەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە وەکو یەکەیەکی ناوەندی تەنها یەکەی دەسەڵاتدارە بۆ داڕشتن و دەرکردنی ڕێسای پەروەردە لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی من بێ، ئەمە بۆچونێکی هەڵەیە و وازانینە. هەروەک ئاماژەی پێدرا، سروشتی دابەشبو و ئاڵۆزی ڕێساداڕشتن لە هەرێمی کوردستان بەرەنگاری دەرئەنجامەکانی ئەو توێژینەوانەی پێشتر دەکات کە جەخت لەسەر زاڵبوونی وەزارەتی پەروەردە وەکو یەکەیەکی ناوندی دەکەنەوە لە پرۆسەی داڕشتن و دەرکردنی ڕێسا. لەکاتێکدا، لە جیاتی ئەوەی لە یەک سەرچاوەوە دەرکەون، داڕشتن و دەرکردنی ڕێسای پەروەردە لە هەرێمی کوردستان هاوبەشە لەنێوان یەکەی دەسەڵاتی جیاجیا و بە ئامانجی جەماوەری دیاریکراو – هەروەک لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا. هەریەک لەو  یەکانە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک ئەکتەر و پۆست و پەیوەندی ناچونیەک دەکەن.

:لە کۆتاییدا

له كاتێكدا هه رێمی كوردستان هەنگاو دەنێ بەرەو بەمۆدێرنكردنی سیسته می پەروەردەی خۆی، زۆر گرنگه دان به ئاڵۆزییه كانی مەیدانی دەرکردنی ڕێسای پەروەردە بنرێ و هەوڵبدرێ تێیان بگەین. تێوەگلانی دەسەڵاتە هەمەجۆرەکان، لە ناوخۆ و دەرەوە، جەخت لەسەر پێویستی تێگەیشتنێکی هاوسەنگ دەکاتەوە بۆ ئەو ئەگەر و پەیوەندی و پێویستیانەی ئاڕاستەی ڕێسای پەروەردە دەکەن. بە دەرککردن و داننان بە فرەیی ئەکتەرەکانی ڕێسای پەروەردە و کارلێکی داینامیکی نێوان هێزەکان، پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت باشتر مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگەکان و دەرفەتەکان بکات لە هەوڵەکانیدا بۆ پەرەپێدانی پەروەردەیی.

____

پەشێو م. نوری
پەشێو مامۆستایە لە زانکۆ و لە کۆلێژی مۆناش لە وڵاتی ئوسترالیا. لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی مامۆستا و ڕێسای پەروەردە هەرێمی کوردستان دەکات. پێشتر مامۆستا بوە لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی.