ئەم ساڵ، زانکۆی جیهان-سلێمانی دوو خولی جیای بەخۆڕایی بۆ مامۆستایانی کەرتی گشتی ناوچەی سلێمانی کردەوە. لە هەردوکیان، من ئەرکی ڕاهێنانم پێ سپێردرابون. چەند بابەتێکی وەکو میتۆدەکانی فێرکردن، فێرکردن لە سەدەی ٢١ـەم و تیۆرەکانی فێربونم بە ڕاهێنان و سیمینار دەگوتەوە. خولی یەکەم کە ٦ هەفتەی خایاند و من ٣ هەفتە ڕاهێنانی میتۆدەکانی فێرکردنم بە نزیکەی ١٠٠ مامۆستا لە ٣ گروپی جیا ئەنجام دا. وەکو ئەرکێکی هەڵسەنگاندن، لە کۆتایی خولەکە داوام لە هەمو مامۆستاکان کرد، ٥٠٠ وشە دەربارەی ئەم ئەزمونی ڕاهێنانە بەشێوەی تێڕامان بنوسن. داواشم لێکردن خۆیان خۆیان هەڵسەنگێنن بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی خۆم بۆم دانابون. ئەم هەفتەیە زانکۆ تەواوی ئەرکە نوسراوەکانی مامۆستایانیان بۆ ناردمەوە. شەووڕۆژێکم بۆ یەکلاکردەوە و دەستم کرد بە پێداچونەوەیان. تەبعەن یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی ئەو خولە ئەوە بو کە دەبێ شێوازێک لە هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایانی بەشداربو دابنرێت.
دانیشتم و دەستم پێکرد. چاوەڕێی ئەوە نەبووم تووشی سەرسوڕمان بم. وەک زۆر کەسی تر، منیش چەند بۆچوونێکی بێدەنگ و شاراوەم هەبوو دەربارەی ئەوەی کە مامۆستایان تا چەند بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەرکێکی لەم شێوەیە دەکەن. بە خۆمم دەگوت: دەکرێ مامۆستایان تەنها وەک ئەرکێکی سەرشان سەیری کەن و بیانەوێ هەر بیکەن و لە کۆڵی کەنەوە.
بەڵام ئەوەی بۆم دەرکەوت، بە تەواوی پێچەوانە بوو. لاپەڕە لە دوای لاپەڕە، نووسین لە دوای نووسین، قووڵیی بیرکردنەوە، پابەندبوون، و گرنگیپێدانێکی ئاشکرا کرد کە نەک هەر بۆچوونەکانی منی قەڵب کردەوە، بەڵکو ئەو وێنە باوەشی شکاند کە گوایە مامۆستایان ئارەزووی گەشەی پیشەیی ناکەن یان لە گەشەبەخۆدان دوو دڵن.
ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج شتەن کە لە کاتی وردبوونەوە لە نوسینەکانی مامۆستایانی بەشداربو فێریان بووم:
١. مامۆستایان بە جددی سەیری فێربوونی پیشەیی دەکەن
هەموو مامۆستاکان، بەبێ هیچ ڕیزپەڕیەک (استسنا)، بە قووڵی بیری لە، لانیکەم، یەک میتۆدی وانەوتنەوە کردبووەوە کە لە خولەکەدا پێشکەش کرابو. ئەوان هەر پوختەیان نەکردبوەوە، بەڵکو تێڕامانیان لەوە کردبوو کە چۆن دەتوانن لە پۆلەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن. سوری و جددیەتیان لە مامەڵەکردندا بە تەواوی پێوە دیار بو و گومانڕەوێن بون.
٢. مامۆستایان پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەو شتانەی فێری دەبن
ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام تەنها تێگەیشتنیان نەبوو لە میتۆدەکانی وانەوتنەوە، بەڵکو سوربونیان بوو لەسەر جێبەجێکردنیان. بە نزیکەیی هەموو نووسینەکان نیازێکی ڕوون و جددییان تێدابو بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی باسكرابوون. بۆ زۆربەیان، ئەمە شتێکی تیۆری نەبوو؛ بەڵکو پابەندبوونێکی کەسی بوو بۆ گۆڕینی شێوازی کارکردنی خۆیان.
٣. مامۆستایان ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕاستەقینە دەبنەوە، بەڵام چارەسەری داهێنەرانە دەدۆزنەوە
جگە لەمانە، نووسینەکان ڕاستیە تاڵەکانی وانەوتنەوەیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەرخست: قەرەباڵغی پۆلەکان، کەمیی سەرچاوە و کەرەستە، و سیستەمێکی ڕەق و نالەبار بۆ گونجاندن. کەچی، لەجیاتی ئەوەی لە بەردەم ئاستەنگەکاندا بوەستن، مامۆستایان دەستیان کردبو بە بیرکردنەوە لە ڕێگاچارەی تازە بۆ گونجاندنی میتۆدەکان لەگەڵ ژینگەی کاری خۆیاندا. داهێنانیان بە تەواوی پێوە دیار بو. بۆ نمونە هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی بەدیلی پێویست ، شێوازی گروپەکان دەگۆڕن بۆ گونجاندنیان، یان چالاکییەکان بە شێوەیەک دادەڕێژنەوە تا لە ڕوودانی فێربوون دڵنیا بن.
٤. مامۆستایان تامەزرۆی ئەو هەلانەن کە زۆرجار لێیان بێبەش دەکرێن
هەم لە خولەکە و هەمیش لە ئۆنلاین، دوای ئەوەی ٢ پۆستم بڵاوکردەوە لە فەیسبوک دەربارەی ئەو خولە، چەند جارێک مامۆستایان داخی خۆیان دەردەبڕی لەبەر لەدەستدانی هەلی پێشووتر یان بێزارییان نیشان دەدا لەوەی ئاگادار نەکراونەتەوە یان بۆ بەشداریکردن لەم جۆرە پرۆگرامانەدا هەڵنەبژێردراون. ئەمە لە یەک کاتدا دوو شتی بۆ ئاشکرا کردم: ١) نایەکسانی لە سیستەمی دابەشکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدانی پیشەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی یا وەزارەتی پەروەردە، وە ٢) ئاماژەشە بە برسێتییەکی قووڵی مامۆستایان بۆ فێربوون. ئەوان بێباک نین؛ بەڵکو بە پەرۆشن. کێشەکە ویستی ئەوان نییە، بەڵکو دەستپێڕانەگەیشتن و هەل-پێنەدانیانە.
٥. مامۆستایان جوانی و شانازی دەخەنە ناو کارەکانیانەوە
هەندێ لەحزە لەکاتی پێداچونەوەی نوسینەکانی مامۆستایان، کاریگەرترین شت لە سەرم وردەکاری خودی نووسینەکە نەبو، بەڵکو شێوازی خستنەبەردەم و تەسلیم کردنی ئەرکەکەیان بو. هەندێک مامۆستا ئەرکی نوسینەکەیان لەناو زەرفی نامە ناردبو، هەمووشیان جوانترین دەستخەتی خۆیان بەکارهێنابوو، و زۆربەیان لاپەڕەکانیان بە ڕەنگ ڕازاندبووەوە بۆ دیاریکردنی خاڵە سەرەکییەکان. گرنگیدان بە جوانی و ڕێکوپێکی، نوسینەکانیان زۆر سەرنجڕاکێش کردبو.
لەم جۆرە لە مامەڵەیە، من شتێکم تێبینی کرد کە لە ڕێکوپێکی زیاتر بوو — من ئیحسانم بینی. ئیحسان هەوڵێکی بەنیەت و ئەنقەستە بۆ جوانکردنی شتەکان. ئەم بەها کولتوورییە، کە ڕەگێکی قووڵی لە هەوڵدان بۆ باشترین بون هەیە، بوە سیمبولێک بۆ ئاواتە گەورەکانیان وەک مامۆستا. ئەمە ئەوەی پێوتم کە تەنانەت کاتێک کەرەستە و سەرچاوەی کاریان کەمن، مامۆستایان جیهانێک لە جوانی، لە ڕێکوپێکی، و لە شکۆمەندی بۆ قوتابییەکانیان دروست دەکەن و لە خەیاڵیاندا وێنای دەکەن.
دوا قسە
هەڵسەنگاندنی ئەم نووسینانە کاریگەریەکی هەمیشەیی لەسەر من بەجێهێشت: مامۆستایان زۆر لەوە جددیتر، پابەندتر، و داهێنەرترن کە زۆرجار وێنا دەکرێن، چ لەلایەن وەزارەت و ئەکتەرەکانی تری کارگێڕی و سەرکردایەتی پەروەردەیی، چ لەلایەن خەڵکەوە، یا لەلایەن هەندێ لە مامۆستا هاوپیشەکانی تریانەوە – وەکو خۆم. ئەوان تامەزرۆی دەرفەتن، و کاتێک هەلێکیان پێ دەدرێت، بە قەناعەتەوە لە ئامێزی دەگرن.
ڕەنگە لەمپەڕە ڕاستەقینەکە لە خودی مامۆستایاندا نەبێت، بەڵکو لە شێوازی تێڕوانین و پشتگیریکردنی سیستەمدا بێت بۆیان. ئەگەر ئێمە ئامادەبین پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانماندا بکەین، ڕەنگە ئەوکات ئەو شتە ببینین کە من لە کاتی وردبوونەوە لە نوسینەکانیاندا بینیم — پیشەیەک کە ئامادەیە بۆ فێربوون، بۆ داهێنان، و ە بۆ گەشەسەندن.
