پەروەردەکار و پلانی گۆڕان

ئەم بابەتە لە ژمارە ٥٥٥ی رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکرایتەوە

پەورەردەکار و مامۆستاو دایک و باوکانی بەڕێز، گشتمان دان بە بونی ئارێشەیەکی پەروەردەیی گەورە دادەنێین و لە ئاست مەترسیەکانی داهاتوی پەرۆش و خەم لە کۆڵین. بیرکردنەوە لە مەترسیەکانی لەدەستدانی ساڵێکی خوێندنی ڕۆڵەکانمان زەندەقی هەمومانی بردوە. ئێوەی باوان، ئێستا بێ چارە لە نێوان تێکۆشانی مامۆستا بۆ ژیان و بێ باکی حکومەت و بەرپرسان بۆ پەروەردە دۆش داماون.

دایک و باوکان، مەسەلەی پەروەردەی منداڵەکەت مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و بناغەییە بۆ داهاتوی خێزانەکەت و پاشان کۆمەڵگاکەت. بێبەری بونی یا دواکەوتنی منداڵ لە ساڵێک یا ماوەیەکی دیاریکراوی خوێندن کارەساتێکە کە دەبێ گشتمان لە خەو بکات و ناخمان بهەژێنێ. دەبێت وامان لێبکات شێلگیرانە بەدوای چارە بگەڕێین و زوو بکەوینە خۆ و گەڕ. بە دیدی من، چاکتر وایە چاوەڕێی ئەوە نەکەین لە سەروو یا لە دەرەوەی خۆمانەوە چارە بدۆزرێتەوە بۆ ئەو مەسەلەیە، بەڵکو خودی خۆمان دەست کەین بە کار و هەر لەماڵی خۆمانەوە وەرچەرخان بخولقێنین. دەمێکە سەلماندویانە کە هاوارکردن و دەنگ نانەوە چ ئەنجامێکی خواستراو و بەجێی نیە و نەبوە، بەڵکو با لە جێی ئەمە کۆمەڵێ خەڵکی هاوبیر و هاوخەم لە دەوری خۆمان کۆکەینەوە و گروپێک پێکبێنین. لەوێوە کۆبیر بخەینە سەر کێشەکە و چارەیەکی کرداری بدۆزینەوە.

چارەسەر، دەکرێ لە هەر جۆر و فۆرمێک بێت کە بە بیری داهێنەرانەی تۆ دابێت. بەڵام لە میانەی چارەسازییەکەت ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لەبەرچاو بگرە. ئەمانە یارمەتیت دەدەن نەفەسدرێژی و پشت ئەستوری بە پرۆژەچارەکەت ببەخشن. ئەم چەند خاڵە پێشتر لەلایەن سارا ستیتزلاینەوە، شارەزای بواری فەلسەفەی پەروەردە لە ئەمریکا، پێشنیارکراون کە من لێرە بە چەند گۆڕانکاریەکەوە دەیخەمە بەردەستی خوێنەر و دایک و باوک و پەوەردەکاری کورد.

یەکەم: بێدارکردنەوە

هەمو شتێ لە هۆشیاریەوە دەست پێ دەکات، جا چ بۆ خودی خۆت بێ یا لە تۆوە بۆ کەسانی تر. دیاریکردنی کێشەکە و خستنەڕوی چارە، پاشان گەیاندنی هۆشداری و بێدارکردنەوەی لایەنی پشکدار و پەیوەست بە ئارێشەکە بە تایبەتی ئەوانەی کە دەستیان لە گۆڕانی یاسایی هەیە، کاریگەریەکی بەهێز دەنێتەوە.

دووم: پێکهێنانی پاڵپشتی و هاوپەیمانی

کارکردن بە تەنها و بێ پاڵپشتی و هاوکاری دەبێتە هۆی سەرنەگرتنی ئەو کارە. دۆزینەوەی کەسانی هاوبیر و هاوخەم زامنی ئەو پاڵپشتیە دەکات.

سێیەم: یەکلاکردنەوەی بنەماکان

ئەو بنەمایانی کە ڕێبەری گۆڕانەکە دەکەن دەبێ زۆر ڕون بن و مایەی تێگەیشتن بن. بەکارهێنانی زمانێک کە بناغەکەی لە دادپەروەری و حەقیقەت چەقی بێ. بنەماکان خاڵی سەرەتای کردارن و شوێنی گەڕانەوە و پێداچونەوەن ئەو دەمانەی کە پرۆسەی گۆڕان و کردار بە ئاڕاستەی ڕاست ناڕۆن.

چوارەم: خستنەڕووی چارە

تەنها دەنگ بەرزکردنەوە و خۆدەرخستن چارەی کێشەکان ئاسان ناکەن. دەستپێشخەری کردن لە خستنەڕوی چارسەری کرداری پاشان چونە پێشەوە بەم دیدگا و بینینە بۆ گۆڕان، رۆحێکی تر بە کارەکە دەبەخشێ. بەکارهێنانی زمانی ئەگەر نور بە کردار دەبەخشێ و گەشە بە متمانە دەدات و لە کۆتاییدا دەبێتە سەرچاوەی هیوا و ئومێد.

پێنجەم: پرسیار خستنەسەر ئامانجی پەروەردە و سیستەمی قوتابخانە

پرسیار خستنە سەر کردە پەروردەییەکان و ڕەخنەگرتنی دادپەروەرانە کارێکی بە جێ و پێویستە. ئەمە لە کاتێکدا کە توانیمان جیاوازیەکی دروست بکەین لە نێوان گرنگ و گرگنتر. لەو دەمە، ڕەخنە و پرسیار دەستپێکی کردنەوەی گفتوگۆی گۆڕانکارین.

شەشەم: پەخش و گەیاندن

کاری گەیاندن و بڵاوکردنەوەی پەیام و کار بە خەلک و دەوروبەر. ئەمەش لە ڕێگەی نوسین و پەیداکردنی گفتوگۆی بەردەوام لە بارەی ئامانجە پەروەردەییەکان و قوتابخانە. میدیای کۆمەڵایەتی وەکو فەیسبوک و ئەوانی تر وێستگەیەکی باشن بۆ ئەم کارە.

ئەم چەند پێشنیارەی سەرەوە گەر بە تێفکرین و پلانی تۆکمەوە بخرێنە گەڕ، دەکرێ سەرچاوەی سحر و سەسوڕمانی بن.

سەرچاوە:

Stitzlien, Sarah. be an effective change agent at your child’s school. Phi Delta Kappan (2016).