گومانی تێدا نیه هه‌ر جۆرێكی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن له هه‌ر بونه‌وه‌رێك بێت، پێویستی به زه‌مینه‌ی له‌بار هه‌یه تاوه‌كو ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه به سروشتی بێ له‌كه‌ی خۆی پێ بگات. مرۆڤ (فێرخواز)یش به هه‌مان شێوه پێویستی به به سازكردنی زه‌مینه و ئاماده‌كردنی كه‌شێكی به‌جێ و گونجاوه به گوێره و پێیوودانگی توانسته جیاجاكانی مرۆڤ و جیاوازی تاكایه‌تیان.
ئه‌وزه‌مینه‌سازیه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ منداڵان (فێرخوازان) كراوه و ده‌كرێ، له‌به‌رچاوگرتنی ته‌نها لایه‌نی ته‌كنیكی و ڕێكخراوه‌یی په‌روره‌ده‌یه. واته، به تێگه‌یشتنێكی سه‌رپێیی و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بیركاریانه كه بۆ ڕه‌خساندنی بارێك فێربون تێیدا ڕوو بدات، ته‌نها پێویستت به دابینكردنی بینا و ڕه‌حله و كتێب و پۆل و مامۆستا و به‌ڕێوه‌بردنه، جا ئه‌وه‌ی تر ته‌نها لێپێچینه‌وه و به‌دواداچونێكه بۆ دڵنیاكردنه‌وه له‌وه‌ی كه شته‌كان له شوێنی خۆیان دا هه‌ن و ببن. جا، گشتاندنی ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه به‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی، كێشه‌یه‌كی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنی، ئه‌ویش له‌بیركردنی ئامانج و كۆتایی پرۆسه‌ی په‌روره‌ده‌ییه. هه‌ر بۆیه، پێم وایه ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه ئه‌بستراكت و ووشكه بۆ په‌روه‌رده، چێژ و جوانی و زه‌وق له پرۆسه‌كه ته‌ڵاق ده‌دات و هۆكاری یه‌كه‌می دروستبونی خۆشه‌ویستی بۆ فێربون له هه‌ناوی منداڵ ده‌ترازێنی.
ئێمه ده‌بێ له بیرمان بێ كه، په‌روه‌رده كایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وایه هه‌میشه پێویستی به نوێبونه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی كه په‌روه‌رده كرده‌یه‌كی تایبه‌ت به مرۆڤه. مرۆڤیش لێوانلێوه له جیاوازی تاكایه‌تی به هه‌مو لایه‌نه‌كانی بوونیه‌وه. كه‌وتن له به‌ده‌مه‌وه چونی ئه‌و جیاوازیه زۆر و پڕ گۆڕانانه‌ی فێرخواز، ته‌گه‌ره و چه‌قبه‌ستویی ده‌هێنێته بون. هه‌ربۆیه، زه‌مینه‌سازی یا گۆڕانێكی په‌روه‌رده‌یی ساڵێكی خوێندن هه‌مان كاریگه‌ری بۆ ساڵێكی تر نابێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و زه‌مینه‌سازییه ته‌نها له ڕووی ته‌كنیكی و لۆجیستیه‌وه بوه، نه‌ك له ڕووه‌كانی تری بیری په‌روه‌رده‌یی وه‌كو هه‌وڵێك بۆ تێگه‌یشتن له‌و بونه پڕاوپڕ له سحر و سه‌رسامیه، كه مرۆڤه. غیابی ئه‌و جۆره ئاماده‌سازی و زه‌مینه‌سازیه ده‌بێته هۆی كپ و خه‌فه كردنی توانا شاره‌وه‌كانی منداڵ یا فێرخواز. جا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئێمه كه زۆر به ڕوونی ده‌یبینین، ئه‌و زه‌مینه و ژینگه‌یه‌ی له قوتابخانه‌كانی ئێمه‌دا هه‌ن، زه‌مینه‌یه‌ك نین بۆ منداڵان و فێراخوازان تێیدا بتوانن بێ شه‌رم و ترس توانا شاره‌وه‌كانی خۆیان ده‌رخه‌ن. ئه‌مه له كاتێكدا، ئامانجی قوتابخانه و په‌روه‌رده ڕێگه خۆش كردنه بۆ نه‌هێشتنی ترس و شه‌رم له لای منداڵ و ئاودان و ڕێگه‌دانه به نمایان بونی ئه‌و توانا شاراوه‌ییانه‌یان.
قوتابخانه و پێشبینیه‌كانی منداڵ
ئێمه، چ وه‌كو مامۆستا، شاره‌زای په‌روه‌ره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ر، مه‌نهه‌ج داڕێژه‌ر، خاوه‌نی بیری په‌روه‌رده‌یی، یا هه‌ر ئه‌كته‌رێكی تری ئه‌و گه‌مه په‌روه‌رده‌ییه، ده‌بێ هه‌میشه ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ كه ته‌واوی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی له هه‌ر شوێن و كاتێك بێ، له پێناوی مرۆڤه. منداڵییش، مه‌رحه‌له‌یه‌كی دیاریكراوی ته‌مه‌نیی ئه‌و مرۆڤه‌یه. جا بۆیه تێگه‌یشتن له مرۆڤ له سیاقی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی هه‌نگاوی یه‌كه‌می داڕشتنی پڕۆگرام و هێنانه باری ژینگه‌یه‌كی گونجاوه بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵ. نه‌ك گه‌ڕان به‌دوای پڕۆگرامی په‌روه‌رده‌یی سیاقێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تر و كۆپیكردنی له‌و سیاقه كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازه. جا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی هه‌رێمی كوردستان به تێگه‌یشتنێكی واوه هه‌نگاوی بنیاتنان و داڕشتنی بۆ نراوه؟ یا نا؟
بۆ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه ببێته وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خۆشی و پێشبینی و ئومێده‌كانی منداڵان، ده‌بێ ئیش له‌سه‌ر هه‌ر سێ لایه‌نی (مه‌نهه‌ج و مامۆستا و پێداگۆجی) بكرێت. له سه‌ره‌تادا ده‌بێ ناوه‌ڕۆك و ده‌ق (مه‌نهه‌ج)ی په‌روه‌رده په‌یوه‌ستدار بێ به ژیانی ڕۆژانه و بیری لۆكاڵی فێرخوازه‌وه. تا ئه‌وه‌ی كه ناوه‌ڕۆكی فێربون له ژیانی كه‌سیی فێرخواز دوورتر بێ، فێربون كه‌متر ڕوو ده‌دات. پاشان گه‌یاندنی ده‌ق به فێرخواز پێویستی به ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی په‌روه‌رده‌ییه كه ئه‌ویش مامۆستایه. به‌بێ مامۆستا مه‌حاڵه په‌روه‌رده به‌رده‌وام بێ. به نیسبه‌ت منداڵه‌وه، مامۆستایه‌ك منداڵی خۆشبوێ و خه‌میان هه‌ڵگرێ و به ده‌میانه‌وه بچێ، هه‌میشه ئه‌و جۆره مامۆستا په‌سه‌ندتره به نیسبه‌ت ڕوودانی ڕێژه‌ی زۆری فێربون له لایانه‌وه. شاره‌زایی مامۆستا له كاری په‌روه‌رده‌وانی و هونه‌ری فێركردن (پێداگۆجی)ش ڕۆڵیكی گه‌وره ده‌گێڕێ له هێنانه باری ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه منداڵ تێیدا هه‌ست به ترس نه‌كات و بزانێ كه لای ئه‌و پارێزراوه. كاره‌ساته‌كه لێره له‌وه‌یه، كه ئێمه له‌هه‌ر سێ لایه‌نه بناغه‌ییه‌كه‌ی په‌روره‌ده كێشه و كه‌م و كوڕیمان هه‌یه. بۆیه من پێم وانیه ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه له قوتابخانه گشتیه‌كانی كوردستان هه‌ن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خۆشحاڵیی و گوڕوتین و ئومێده‌كانی منداڵان بن.
لێره پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌كیش له‌سه‌ر ووشه‌ی ‘حكومی’ بكرێت كه بۆ قوتابخانه گشیته‌كان به كارده‌هێنرێ و تێیدا ده‌لاله‌تێكه كه خاونداریه‌تی حكومه‌ت به قوتابخانه‌كان، كه ئه‌مه له خۆیدا جۆرێكه له قۆرخكاریی فكری و له‌به‌ر چاو نه‌گرتنی ده‌نگی خه‌ڵكه. هه‌ر بۆیه من له جیاتی چه‌مكی ‘قوتابخانه‌ی حكومی’، ‘قوتابخانه‌ی گشتی’ به‌كارده‌هێنم.
قوتابخانه و ئومێد
من پێشتر له ووتارێكم دا له گرنگی ‘هیوا’ یاخود ‘ئومێد’ له په‌روره‌ده وه‌كو فه‌لسه‌فه و وه‌كو پرۆسه كردوه. لێره‌ش دووباره چه‌ند قسه‌یه‌ك دووباره ده‌كه‌مه‌وه. پێم خۆشه بڵێم كه ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێ خراپتر یا ئه‌ولاتر بێ له مه‌رگ و مردن، ‘بێ هیوابون’ە له مرۆڤدا. وای بۆ ده‌چم پێناوی بناغه‌یی هه‌ر سیسته‌م و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی، كاركردنه بۆ چاندن و چاندنه‌وه‌ی هیوا و ئومێد.
كه‌چی، له سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی وه‌كو ئه‌وه‌ی كوردستان به‌هۆی هۆكارگه‌لێكی تێكهه‌ڵچڕژاو، سیسته‌مه‌كه خۆی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه كارده‌كات كه ئه‌ویش بێ هیوا و نا‌ئومێد كردنه. تێپه‌ڕبون به‌و سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه‌ی ئێمه، ڕێك ئومێد له دڵی منداڵ هه‌ڵده‌قه‌نێ. وای بۆ ده‌چم، ماڵ نیه نمونه‌ی كه‌سێكی وای تێدا نه‌بێ كه به هۆی ئه‌و سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه‌وه نا‌ئومێد نه‌بوبێ!
ئێمه ده‌بێ به بیر و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی خۆمان بچینه‌وه. ڕاستیه‌كه‌ی وا باشه بڵێم كه پێویسته ئێمه له مانایی و فه‌لسه‌فه‌یی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی خۆمان، خۆ ڕزگار كه‌ین. چاكتره له به‌دیلی ئه‌وه، بێین و تێگه‌یشتنمان ده‌رباره‌ی منداڵ و په‌روه‌رده نوێكه‌ینه‌وه و ئه‌وجاره به مانا و ئامانجێكه‌وه هه‌نگاو بخه‌ینه ناو قوتابخانه و دونیای كردار. پاشان ئێمه ده‌بێ له‌گه‌ڵ زانستی سه‌رده‌میی سایكۆلۆژیا و كۆگنه‌تڤ (زهنی) و كۆمه‌ڵناسی بڕۆین، ئێمه كات له دوای كات به هۆی گه‌شه‌ی بیری مرۆڤه‌وه، تیگه‌یشتنی نوێمان ده‌رباره‌ی ئه‌و مرۆڤه پڕ له مه‌ته‌ڵ و سحره دێته چنگ. هه‌ر بۆیه بۆ داڕشتنی و دروستكردنی كه‌ش و بارێكی گونجاو بۆ فێربون، پێش مه‌رجی ئه‌وه گه‌ره‌كه كه ئێمه له ڕووی ده‌روونی و كومه‌ڵایه‌تی و فكریه‌وه ده‌ركێكمان هه‌بێ. لێره‌وه من پێشنیاری كتێبێك ده‌كه‌م بۆ خوێندنه‌وه بۆ مامۆستا و په‌وره‌ده‌كاران، ئه‌وه‌یش كتێبێكه به‌ناوی “بۆچی فێرخوازان ڕقیان له قوتابخانه‌یه” له نوسینی دانیێڵ وڵینگهام ه.
دوای ئه‌وه، ده‌بێ خۆمان له‌و تێگه‌یشتنه ڕزگار كه‌ین كه قوتابخانه مه‌یدانی پێشبڕكێ و زۆانبازی فێرخوازانه. تاقیكردنه‌وه و نمره، یه‌كێكن له‌و دوو هۆكاره زه‌قانه‌ی كه حه‌ز و تامه‌زرۆیی لای منداڵ یا فێرخواز لاواز ده‌كات و به‌ره‌و نه‌هێشتنی ده‌بات. وا چاكه له بیرمان بێ كه ئه‌وانه تاكه دوو جۆری هه‌ڵسه‌نگاندن نین بۆ فێربون.
هۆكرێكی تری ساردبونه‌وه و لاوازبونی حه‌زی فێرخواز به قوتابخانه، بونی قسه و قسه‌لۆك و سوكایه‌تی به یه‌كتركردنه له قوتابخانه، له نێوان فێرخوازان خۆیان و مامۆستا و فێرخواز. مامۆستا فایه‌ق سه‌عید، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی باشی له‌وباره‌وه ئه‌نجام داوه كه شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه. ئه‌و، ئه‌و دیارده‌یه ناوده‌نێ “هه‌راسانكردن”، كه به مانای هه‌راسانكردنی جه‌سته‌یی و ده‌روونی فێرخواز یا منداڵ دێ، چ له لایه‌ن فێرخوازه‌كانی تره‌وه یا مامۆستاوه. ئه‌مه‌ش جوێن و قسه‌ی نابه‌جێ و سوكایه‌تی پێكردن به ئاماژه‌دان به جه‌سته و ڕوخسار به ووشه‌ی خراپ، له خۆ ده‌گرێ. هه‌راسانكردن، هۆكارێكی دیار و زۆر كاریگه‌ره بۆ 1) كپ كردنی تواناكانی فێرخواز، 2) ڕق بونه‌وه له فێربون و قوتابخانه، 3) وازهێنان له قوتابخانه. په‌روه‌رده‌ی مامۆستاش شوێنێكی گرنگه بۆ ده‌ستپێكردن. واته بوونی مامۆستا ناكارامه له‌ڕووی په‌روره‌ده‌وانیه‌وه هۆكارێكی تره بۆ كپ كردنی توانستی فێرخواز، چا چ شاراوه بێ یا دیار.